وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ مامەڵەكانی لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێری كرد و بەشی كۆكردنەوەی داهاتی ئاوی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان كرد.
ئەم بەسەركردنەوەیە دوای ئەوە دێت كە هاووڵاتییەكی زۆر دەیانەوێت لە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو سوودمەند بن و ڕۆژانەش خەڵكێكی زۆر سەردانی بەڕێوبەرایەتییەكە دەكەن و داوای سوودمەندبوون دەكەن.
بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی و بە مەبەستی ئەوەی هەموو هاوبەشان بتوانن لە بڕیارەكە سوودمەند بن، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدا لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان، چەندین ڕێكاری نوێ بگیرێتەبەر بۆ ئاسانكاری لە ڕاییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و چەند هۆڵێكی تر بۆ پێشوازی هاووڵاتییان تەرخان بكرێت.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریدا کە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، دەوام بکرێت و لە بەیانییەوە تاوەکوو ئێوارە مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی بکرێت، چونكە تا ئەو ڕێکەوتە بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت.