وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە پێكهاتبوون لە جێن یۆنیدا بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئاژانسی جایکا لە عێراق، یوکی یۆشیدا نوێنەری جایکا لە عێراق و ئامۆژگار حەوێزی بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پڕۆگرامەکان.
لە بەشێكی دیدارەكەدا باس لە بەردەوامیی هاوكاری و پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاژانسی جایكا لە هەرێمی كوردستاندا كرا، لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسگوزاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری پێ ڕاگەیاندن و جەختیشی لە گرنگیی هاوكاری و فراوانكردنی پەیوەندی و هەماهەنگییەكان كردەوە.
لە تەوەرێكی تری گفتوگۆكاندا شاندی جایكا باسیان لە كاركردنی كۆمپانیا ژاپۆنییەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەی پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار كرد بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگاكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پەرەی زیاتر بە پرۆژەكانیان بدەن.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئامادەیی هەر جۆرە كارئاسانی و هاوكارییەكی لەپێناو پەرەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەرتاسەری شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی.