کار بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەڵەبجە دەدرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی یەكشەممە ١١ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار پێشوازیی لە ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە كرد، و لە دیدارەكەدا كە ئەندازیار خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتییی شارەوانییەكانی هەڵەبجە ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجەیان تاوتوێ كرد.
لە دیدارێکدا وێڕای جەختكردنەوە لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگییەكانی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەڵەبجە، هاوكات خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و قیڕتاوكردن و چەندین بواری دیكەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تاوتوێ كران.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی كردەوە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە درێغی ناكەن، و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی هەموو جۆرە هاوكارییەکی بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووی خزمەتگوزارییەکانەوە دەربڕی.