دوو پرۆژەی ئاوەڕۆ لە هەولێر جێبەجێ كران
لە چوارچێوەی بایەخدانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە پرۆژەكانی ئاوەڕۆ و چارەسەركردنی گرفتەكانی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریكردن لە ڕوودانی لافاو، لە سنووری شارەوانیی پیرزین کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكانی هەولێرە دوو پرۆژەی ئاوەڕۆ جێبەجێ كران کە كاریگەریی باشیان لەسەر گرفتی كۆبوونەوەی ئاوی باران لەو سنوورە هەبووە.
گوژمەی پرۆژەكان ٣٠٥ ملیۆن و ٢٦٣ هەزار دینارە کە خۆی لە ئاوەڕۆیەكی لوولەیی ١٢٠سم بە درێژایی ٧٠٠م لەلایەن تیمەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆ سەرپەرشتیی جێبەجێكردنیان كراوە کە گوژمەکەی ٢٥٩ ملیۆن و ٢٦٣ هەزار دینارە، هەروەها پرۆژەی دووەمیش ئاوەڕۆیەكی لوولەیی پۆلی ئەسیلینە بە درێژایی ٢٠٠م بە گوژمەی ٤٦ ملیۆن دینار جێبەجێ كراوە.