Skip to the content

كۆشكی مەجید پاشای بابان لە کفری نۆژەن دەكرێتەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی ٢٠٠ ملیۆن دیناری دا، بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ١٩٩ ملیۆن و ٣٠٥ هەزار دینار لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپوور، بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابان لە شاری كفری کە یەكێكە لە شوێنە كەلەپوورییە دێرینەكانی سنوورەكە و جێی بایەخی خەڵكی دەڤەری گەرمیان و گەشتیارانە.

كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، بایەخێكی زۆر بە شوێنە شوێنەواری و كەلەپوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات و نۆژەنكردنەوەی كۆشكی مەجید پاشای بابانیش یەكێكی ترە لە بایەخدانەكانی حكومەت بە سێكتەری شوێنەوار و كەلەپوور لە هەرێمی كوردستان.