Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی کارمەندە لەخۆبردووەکەى شارەوانیی مەخمووری کرد

ڕۆژی یەکشەممە،  ١٦ی نیسانی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە عەبدال سابیر حەمەڕەش، كارمەندی شارەوانیی مەخموور كرد.

ئەو كارمەندە لە كاتی بارانە زۆرەكەی هەفتەی ڕابردوو (١٣ی نیسانی ٢٠٢٣)، لە كارێكی سەختدا چووە نێو ئاوەڕۆیەك و چەندین پارچەی گەورەی کۆنکرێتی دەرهێنا و ئاوەڕۆكەی كردەوە؛ بەو كارەشی چەندین ماڵی گەڕەکێکی مەخمووری لە مەترسیی ژێرئاوکەوتن ڕزگار کرد.

ساسان عەونی، وێڕای سوپاسکردن و دەستخۆشی، ئاماژەی بەوەش کرد "عەبدال سابیر نموونەی سەدان كارمەندی تری شارەوانییە لە سنووری سەرجەم شارەوانییەكان لە هەموو شارەکانی کوردستان، كە بە ڕۆحێكی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە ژیانی خۆیان بۆ پارێزگاری لە سەر و ماڵی هاووڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە." 

گوتیشی: "سوپاسی سەرجەم کارمەندانی شارەوانییەکان دەکەم کە لە كاتی لافاوەكەدا توانیان مەترسی لەسەر ژیان و ماڵی هاووڵاتییان دوور بخەنەوە."