Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كارمەندەكەی شارەوانیی مەخموور كرد

لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە عەبدال سابیر حەمەڕەش، كارمەندی گرێبەست لە شارەوانیی مەخموور كرد.
ئەو كارمەندە لە كاتی بارانە زۆرەكەی رۆژی ١٣ی نیسانی ٢٠٢٣، کە هەرێمی كوردستانی گرتەوە و مەخمووریش دووچاری كۆبوونەوەیەکی زۆری ئاوی باران و ئەگەری لافاو بووەوە، لە كارێكی سەختدا وێڕای سەختیی کارەکە، بەڵام چووە نێو ئاوەڕۆیەك و چەندین پارچەی گەورەی کۆنکرێتی دەرهێنا و ئاوەڕۆكەی كردەوە، بەو كارەی چەندین ماڵی گەڕەکێکی مەخمووری لە مەترسیی ژێرئاوکەوتن ڕزگار کرد.

ساسان عەونی، وێڕای سوپاسکردن و دەستخۆشی و پەسندکردنی ڕۆڵی ئەو كارمەندە، ئاماژەی بەوەش كرد كاك عەبدال نموونەی سەدان كارمەندی تری شارەوانییە لە سنووری سەرجەم شارەوانییەكان لە هەموو شارەکانی کوردستان كە بە ڕۆحێكی بەرزی بەرپرسیارێتییەوە دڵسۆزانە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پارێزگاری لە ماڵی هاووڵاتییان.

هەروەها گوتیشی لە کاتێکدا سوپاسی کاک عەبدال دەکەم، سوپاسی سەرجەم کارمەندانی شارەوانی دەکەم کە لە كاتی لافاوەكەدا توانیان مەترسیی لەسەر ژیان و ماڵی هاووڵاتییان دوور بخەنەوە.