Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی ئەڵمانی پرۆژەی ئاوی مانگیش - باتیفا تاوتوێ دەكەن

رۆژی چوارشەممە ٢ی ئابی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە تیمێكی ڕاوێژکاران و هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووریی ئەڵمانیا BMZ و بانکی KFW ئەڵمانی كرد كە پێکهاتبوون لە پیتەر ئەمبس مارکۆس بیستا. 
 
لەو كۆبوونەوەیەدا كە هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و بەڕێوەبەری ئاوی دهۆك ئامادەی بوون، چۆنیەتی جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری لە هەرێمی كوردستان تاوتوێكران.
 
لە تەوەرێكی دیکەی گفتوگۆكاندا پرۆژەی ئاوی باتیفا - مانگیش لە پارێزگەی دهۆك تاوتوێ كرا و لەمبارەیەوە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دهۆكی ڕاسپاردن بەمەبەستی هەماهەنگی زیاتر و هاوكاریكردنی تیمەكانی ئەڵمانیا بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاوی مانگیش - باتیفا لە پارێزگەی دهۆك.
 
ساسان عەونی، خۆشحاڵی خۆیشی بۆ هەماهەنگی و كارە هاوبەشەكانی نێوان فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕێكخراوەكانی سەر بە حكومەتی ئەڵمانیا دەربڕی كە لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی ژێرخانی ئابووریدا ئەنجامی دەدەن و جەختیش كردەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی هەر جۆرە هەماهەنگی و كارێكی هاوبەش دەكات بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان.