Skip to the content

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت

هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گەیشتن بە سیستەمی ئیداریی پێشكەوتوو بەردەوامە و لەو ڕوانگەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی جۆری ئایزۆی وەرگرت كە بەشێكە لە هەوڵەكانی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی بەڕێوەبردن.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاند: "بۆ ماوەی نزیكی ساڵێک كاری بەردەوام و هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەتمەند بۆ ئەوەی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكە بخرێنە ژێر سیستەمی ئایزۆ، خۆشبەختانە ڕۆژی یەكشەممە  ٢٠ ى ئابی ٢٠٢٣، بڕوانامەكەمان پێ گەیشتەوە و توانیمان بە سەركەوتوویی بڕوانامەی ISO:9001:2015 بەدەست بهێنین."

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەوڵی داوە لەسەر ئاستی هەموو سێكتەر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكاندا بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنێت، چونكە  كاریگەریی باشی لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت. بۆ ئەم مەبەستە، پێشتر لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری ئایزۆی وەرگرت و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا تەواوی سێكتەرەكان ئەو بڕوانامەیە بەدەست دەهێنن.

پێشتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕای گەیاندبوو: "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ڕێنمایییە بەردەوامەكانیان بۆ چاكسازیی كارگێڕی لە هەموو دامەزراوەكانی حكوومەتدا، ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستمان كرد بە بەسیستەمكردنی كارەكان بۆ ئەوەی لەمەودوا بە باشی و بەپێی ستاندەرە جیهانییەكان بەڕێوە بچن و بە خەڵكی هەرێمی كوردستان بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن بەردەوامە."