Skip to the content

زیاتر لە 2 ملیار و 509 ملیۆن دینار بۆ دوو پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێی دوو فەرمانی وەزاری، ڕەزامەندیی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٢ ملیار و ٥٠٩ ملیۆن و ١٩٣ هەزار دینار دا، بۆ دروستكردنی پارك و تەواوكردنی بڕگەی ماوە لە شەقامی ١٢٠ مەتری لە شاری هەولێر.

ئەو گوژمەیە لەسەر ڕێژەی ١٠٠% ی داهاتی فرۆشتنی زەویی ڕوكنی شارەوانی لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرە كە بە پێی ڕێنماییەكانی داراییی تایبەت بە داهات، فەرمانی وەزاری بۆ دەر كراوە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی دوو پرۆژەی دروستكردنی پاركێك لە گەڕەكی ژیان و دروستكردنی بڕگەی ماوە لە لووپ و ڕەمپە و بەشێك لە شەقامی ١٢٠ مەتری لە چوارڕیانی مەخموور.

جگە لەو پرۆژانە ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، چەندین پرۆژەی تری خزمەتگوزاری لە قۆناغی جێبەجێكردندان و لە داهاتووشدا پرۆژەی دیكە ڕادەگەیەنرێن.