سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر بڕوانامەی ئایزۆی وەرگرت
لە درێژەی هەوڵەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ گەیشتن بە سیستەمی ئیدارەیی پێشكەوتوو، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بڕوانامەی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت كە بەشێكە لە هەوڵەكانی چاكسازی و باشتركردنی پرۆسەكانی كاربەڕێوەبردن.
رۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، عەبدولواحید ئەحمەد، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند:''خۆشبەختانە توانیمان وەك یەكەم شارەوانی لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنین كە هەنگاوێكی ترە بۆ ئەوەی بەرە و بەڕێوەبردنی پێشكەوتوومان ببات.''
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر راشیگەیاند:'' ئەمڕۆ لەلایەن ئەو لایەنە جیهانییەوە بڕوانامەی ئایزۆ وەردەگرین و بەڵێن دەدەین زیاتر پابەندی بەسیستمەمكردنی بەڕێوەبردنی كارەكانمان بین.''
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەوڵی داوە لەسەر ئاستی هەموو سێكتەر و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و سەرۆكایەتییەكانیدا بڕوانامەی ئایزۆ بەدەست بهێنێت، چونكە كاریگەری باشی لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی كارەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتین و خێرا ڕاییكردنی مامەڵەكان دەبێت و لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەشدا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی بەڕێوەبردنی جۆری (ئایزۆ)ی وەرگرت، هەر لەم هەفتەیەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ هەمان بڕوانامەی وەرگرت .