Skip to the content

لە دهۆک بە ڕێژەی 19% كارەكانی پرۆژەی ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاسی ماڵتا تەواو كراون

كاركردن لە قۆناغی یەكەمی پرۆژەی دروستكردنی ئۆڤەرپاس و ئەندەرپاسی بناڤێ و یوتێرنی ماڵتا لە شاری دهۆك بەردەوامە و ئێستاش نزیكەی 19%ی كارەكانی تەواو كراون.

ئەو پرۆژەیە ڕۆژی 13ی حوزەیرانی 2023، لەسەر ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لایەن ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و بە ئامادەبوونی پارێزگاری دهۆك بەردی بناغەكەی دانرا.

لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەكە لە وتارێكدا، ساسان عەونی، ڕایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەكرێت، بە مەبەستی نەهێشتنی جەنجاڵی لە شەقامی دووسایدی خێرای بارزان لەناو شاری دهۆک و دواترافیکلایتی سەر ئەو شەقامە هەڵدەگیرێت و هاتوچۆی هاووڵاتییانیش لە زاخۆوە بۆ هەولێر ئاسان دەکات و هیچ وەستانێکی تێدا نامێنێت.

شایەنی باسە، ئەو پرۆژەیە یەكێكە لە پرۆژە گەورە و ستراتیژییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە گوژمەی ١٣ملیار و ١٤٥ ملیۆن دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێت، زیاتر لە شەش هەزار مەتر خزمەتگوزاریی شەقام و كاری جۆراوجۆر لەو قۆناغە لەخۆ دەگرێت و ئێستاش كاری كۆنكرێتكردن و تۆڕی ئاو و كارەبا و دانانی دیواری پاڵپشت و چەند كارێكی تری تێدا جێبەجێ دەكرێت.