Skip to the content

نزیکەی ٣٦ ملیۆن دینار بۆ لێدانی بیری قووڵ لە شاری كفری خەرج دەكرێت

بەمەبەستی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی گەڕەكێكی شارەكە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گوژمەیەك بۆ لێدانی بیری قووڵ لە گەڕەكی شارەوانی شاری كفری خەرج دەکات.

ئەو گوژمەیە کە نزیکەی ٣٦ ملیۆن دینار دەبێت لەسەر ڕێژەی ١٧%ی داهاتی ئاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی بیری قووڵ و دروستكردنی بینا و ژووری پاسەوان و كلۆر بۆ گەڕەكی شارەوانی لە شاری كفری.

پێشتر لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری كفری، دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنەوە كرا و هاوكات سەرۆكی حكومەت بڕیاری دا چەندین پرۆژەی تری خزمەتگوزاریش لە شاری كفری جێبەجێ بكرێن.

بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی ٢٤ی تەمموزی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و دیوانی وەزارەتی ڕاسپاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شاری كفری، بەزووترین كات دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بۆ دانیشتووانی شاری كفری.