وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا دەكات
رۆژی یەكشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا كرد كە لە هەرێمی كوردستان كار لە بواری شوێنەواردا دەكەن.
شاندەكە پێكهاتبوون لە پرۆفیسۆر پیەر فلزنر، لە زانكۆی توبگینی ئەڵمانی و پرۆفیسۆر دانێلی موڕاندی لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، پروفیسۆر رافایل کۆلونسکی لە زانكۆی ئادەم میکیڤیچی پۆڵەندی و دكتۆرە ڤلانتینا بزاریۆ لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی.
لەو دیدارەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەكانی تایبەت بە كەرتی شوێنەوار و كاری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكانی پارێزگەی دهۆك كرد. هەروەها تاوتوێ گرنگی واژووكردنی چوار گرێبەستی شوێنەواریان كرد كە هەر یەك لەو پرۆژانە گرنگی زۆریان بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكانی سنووری پارێزگەی دهۆك دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی تیمی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا كە لە بواری شوێنەواردا لە پارێزگەی دهۆك كار دەكەن و لە بەرانبەردا شاندی زانكۆكانیش جەختیان لە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكان كردەوە.