Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا دەكات

رۆژی یەكشەممە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە شاندێكی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا كرد كە لە هەرێمی كوردستان كار لە بواری شوێنەواردا دەكەن.

شاندەكە پێكهاتبوون لە پرۆفیسۆر پیەر فلزنر، لە زانكۆی توبگینی ئەڵمانی و پرۆفیسۆر دانێلی موڕاندی لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی، پروفیسۆر رافایل کۆلونسکی لە زانكۆی ئادەم میکیڤیچی پۆڵەندی و دكتۆرە ڤلانتینا بزاریۆ لە زانكۆی ئۆدینەی ئیتاڵی.

لەو دیدارەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەكانی تایبەت بە كەرتی شوێنەوار و كاری هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكانی پارێزگەی دهۆك كرد. هەروەها تاوتوێ گرنگی واژووكردنی چوار گرێبەستی شوێنەواریان كرد كە هەر یەك لەو پرۆژانە گرنگی زۆریان بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكانی سنووری پارێزگەی دهۆك دەبێت.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هاوكاریكردنی تیمی زانكۆكانی ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و پۆڵەندا كە لە بواری شوێنەواردا لە پارێزگەی دهۆك كار دەكەن و لە بەرانبەردا شاندی زانكۆكانیش جەختیان لە كاری پێكەوەیی و هەماهەنگی بەردەوامیان بۆ پەرەپێدان و نۆژەنكردنەوەی پێگە شوێنەوارییەكان كردەوە.