بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باڵەخانەی ئاوی دەوروبەری دهۆک کرایەوە
![](/media/24337/411983722_751617523668947_6223212487186445013_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133474831160000000)
رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری دهۆک باڵەخانەی نوێی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دهۆک کرایەوە.
گوژمەی باڵەخانەکە ملیارێک و زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دینارە و بە هاوبەشی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی GIZی ئەڵمانی دابین کراوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری پارێزگاری دهۆک و ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون، تەواوی بەشەکانی باڵەخانەکەی بەسەرکردەوە و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی کاروباری بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد.
دواتر هەر لە باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دهۆک، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری دهۆک، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاو و ژمارەیەک لە بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی دهۆک بەدواداچوونیان بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و ئاوەڕۆ و شەقام و چەند سێکتەرێکی دیکە لە دهۆک کرد.
ساسان عەونی، ئامادەیی هەر جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری لەپێناو جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی شاری دهۆک و دەوروبەری دەربڕی و جەختی لەسەر خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانی پارێزگەی دهۆک کردەوە.