Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر كۆدەبنەوە

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنی شارەوانیی هەولێر کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر دەستخۆشییان لە سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەن کرد بۆ ئەنجامدانى کارەکانیان لە ڕاییکردنی مامەڵە و كاروباری هاووڵاتییان و بڕیارى چارەسەرکردنی کێشەکانیان، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو پاڵپشتییەکى خۆیان بۆ ئەنجومەنى شارەوانىی هەولێر دووپات کردەوە.
 
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى شارەوانى و گەشتوگوزار و پارێزگارى هەولێر باسیان لە گرنگى ڕۆڵى ئەنجومەنى شارەوانى کرد لەپێناو پەرەپێدان و گەشەسەندنى زیاترى شارى هەولێر و گەیاندنى پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و خزمەتكردنی زیاترى هاووڵاتییان، هاوكات جەختیان لە بەرەوپێشبردنی ئیشوكاری دامودەزگەكانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كردەوە و ئاماژەیان بەوەدا كە پێویستە سەرجەم دامودەزگە خزمەتگوزارییەكان بە باشترین شێوە لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بن.
 
لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەولێر لە ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وەک ئەنجومەنى شارەوانى یەکەمین شاری هەرێمی کوردستان کاراکراوەتەوە و پێکهاتووە لە بەرپرسانی یەکەمی فەرمانگەکانی شاری هەولێر، ڕێکخراوە پیشەیی و جەماوەری و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نوێنەریان لەو ئەنجوومەنەدا هەیە. ئەو ئەنجوومەنە کار دەکات بۆ جێبەجێکردنی یاسا و پارێزگاریکردن لە موڵکی گشتى و کارئاسانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و بڕیارى یەکلاییکردنەوەی کێشە و دۆسییەکانی هاووڵاتییان.