Skip to the content

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە چەند پرسێکى پەیوەست بە کاروباری شارەوانی و باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتییانی هەولێر بەڕێوەچوو

ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و بە ئامادەبوونى بەڕێوەبەرانی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و کاروباری یاسایی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر و جێگرانی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەرێوەبەری نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر و ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەر و ئەندازیاران، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبەت بە چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنى سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر و چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان و به‌دواداچوون بۆ چەند بڕیار و ڕێنماییه‌ک لە خزمه‌تی چینی هه‌ژار و کەمدەرامەتان به‌ڕێوه‌چوو.
 
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لە بارەى چارەسەرکردنى دیاریکردنى سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان کرا و بەپێى تایبەتمەندى نەخشەى ماستەرپلان و لەپێناو ڕێگریكردن لە ڕۆتین و لە بەرژەوەندى و سوودى هاووڵاتییان، سنوورى کارکردنى سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان دەستنیشانکرا و میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنى بڕیارەکە داڕێژرا.
 
هەروەها بڕیارى پێویست لە ڕێگری و ئاسته‌نگه‌ ئیدارییه‌كان لە ڕاییکردنى کاروبارى هاوڵاتییان و کەمکردنەوەى ڕۆتین و هەماهەنگى پترى فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت لە بەرژەوەندیى هاووڵاتییانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر داخوازی و چارەسەرکردنى كێشه‌كانیان وەرگیرا، کە هەمیشە سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاسپاردەکانی دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ جەختى له‌سه‌ر دەكاتەوە.
 
کۆبوونەوە هەروەها جەختى لە زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن‌ به‌ هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر به ‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی بشكێته‌وه کردەوە و بە پێویستی زانى سەرجەم ئەو گرفت و ئاریشانەى هەن لە به‌رده‌م ڕاییکردنى کاروبارى هاووڵاتییان بە تایبەتى لە پرسی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوو و گۆڕینی زەویی كارت بۆ‌ سه‌نه‌د و ڕێگەپێدان كه‌م بكرێته‌وه‌ و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزرێته‌وه.
 
له‌ کۆتایشدا، دواى گفتوگۆکردن لەبارەى ئه‌و گرفت و کێشە یاسایی و ئیدارییانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان و شێوازی چۆنیەتى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل رێنمایی و یاساكان و ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنیان و چارەسەرکردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوەکان کۆبوونەوە لە بەرژەوەندى گشتیى و سوودى هاوڵاتییان بڕیارى پێویستى وەرگرت.