Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە 970 ملیۆن دینار چوار پرۆژە لە شاری سلێمانی جێبەجێ دەكرێن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند فەرمانێكی وەزاریدا ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 970 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی ئاو و گەشتیاری لە سنووری شاری سلێمانی.

بە گوێرەی فەرمانە وەزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی كەرتی گەشتیاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 214،143،000 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی دروستكردنی تەوالێت و نۆژگە بۆ ناو پاركی هەواری شار.

هەروەها لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 308،277،661 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆریی دەكتایل لە شەقامی بۆتان/54 بۆ چارەسەركردنی پیسبوونی ئاو.

لە پرۆژەیەكی دیدا لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 107،310،630دینار، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆری لە شەقامی ئاشتی و چەند كۆڵانێكی دیكە لە گەڕەكی ئاشتی.

لە چوارەم پرۆژەدا لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ڕەزامەندی درا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 341،180،310 دینار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕاكێشانی بۆری دەكتایل بۆ بەهێزكردنی تۆڕی ئاوی گەڕەكی شارەوانی/407 لە شاری سلێمانی.