Skip to the content

دانانی سیستەمەکانی ئاوەڕۆی ماڵان و باراناوی زاخۆ تاوتوێ دەکرێت

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێن، لەوانە پرۆژەی ڕێکخستنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان و دانانی سیستەمی ئاوەڕۆی کەندە سرووشتییەکان.

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەلایەن گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆوە پێشوازی لێ کرا.

لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەو سەردانەیدا کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەگەڵ شاندێکی باڵای ئاژانسی جایکای ژاپۆنی کە پێکهاتبوون لە جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق و ئامۆژگار حەوێزی، بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نزار تەمەر، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەت و بەرپرسانی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی زاخۆ ئامادەی بوون، هەردوو پرۆژەی ڕێکخستنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان و دانانی سیستەمێکی ئاوەڕۆ بۆ ڕێڕەوە سرووشتییەکان بەمەبەستی دوورخستنەوەی مەترسیی لافاو لە شاری زاخۆ تاوتوێ کرا.

لە ڕێگەی داتاشۆوە وردەکاریی پرۆژەکان لەلایەن ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و کاریگەرییەکانی پرۆژەکە لە ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆکانی زاخۆ کە زیاتر لە ٣٠ کیلۆمەتر دەبێت خرایەڕوو و گفتوگۆی زانستی و چڕیان لەبارەوە کرا، پاشان بەشێوەیەکی مەیدانی چەند شوێنێکی پرۆژەکە بەسەر کرایەوە و هەڵسەنگاندنی پێویست بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی کرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە گرنگی پرۆژەکە بۆ شاری زاخۆ کرد و هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد لەسەر ڕاسپارەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی ئاوەڕۆ و ڕێکخستنەوەی سیستەمی ئاوەڕۆکانی زاخۆ ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەکرێت. هاوکات پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ هەموو کارئاسانی و هاوکارییەک لەڕووی پێدانی زانیاری و داتا و تیمی ئەندازیاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنی دەربڕی.