Skip to the content

كۆبوونەوەی چوارەمی (JCC)ی تایبەت بە ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو

رۆژی سێشەممە ٥ی کانوونی یەکەمی٢٠٢٣، لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکای ژاپۆنی لە عێراق، كۆبوونەوەی چوارەمی کۆمیتەی هاوئاهەنگیی هاوبەش (JCC) كە تایبەتە بە پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی کە بەڕێوەبەری پرۆژەکەیە، بەڕێوەبرا، بە ئامادەبوونی ئەندامانی کۆمیتەی هاوئاهەنگی هاوبەشی تایبەت بە پڕۆژەکە کە پێکهاتووە لە جێگری پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەك لە ڕاوێژکار و بەرێوەبەری گشتی و بەڕێوەبەر لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی تایبەتمەند بە سێکتەرە جیاوازەکان و ئەندامانی تیمی تەکنیکی پرۆژە کە پێکهاتووە لە ئەندازیاران و فەرمانبەران لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و فەرمانگە پەیوەندارەکانی حکومەت و  بەڕێوەبەری پێشکەوتووی پرۆگرامەکانی جایكا و ڕاوێژکاری پڕۆژەکان و تیمی جایکا بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر. 

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە ڕاپۆرتی تایبەت بەم قۆناغەی ئێستای پرۆژەی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی هەولێر و خستنەڕووی بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە و هەڵسەنگاندنی كارەكانی و جارێكی دیكە جەخت لەسەر بەرەوپێشبردنی سەرجەم سێكتەرەكانی شاری هەولێر لە ڕێگەی ماستەرپلانەوە كرایەوە. 
 
هەروەها لە ڕاپۆرتەكەدا ڕوانگە و پلان و چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بە وردی خرایەڕوو، سەرجەم ناوچە گرنگەكانی بواری پیشەسازی و كشتوكاڵی و دروستكردنی ئاوەڕۆ و بەنداو و سەرچاوەی ئاو  و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو و زانستی و پەرەپێدانی سیستەمی گواستنەوە و دروستكردن و پەرەپێدان بە شەقامەكان و چەندین بابەتی دیكەی شارسازی كە لە پرۆژەی ماستەرپلانی شاری هەولێردا جێگەیان كراوەتەوە، گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لە گرنگی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر كرد كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕوانگەیەكی ڕوونی بۆ بەرەوپێشبردنی شاری هەولێر و سەرجەم شار و شارۆچكەكان هەیە لە ڕێگەی ئامادەکردنی ماستەرپلان بۆ ئەو ناوچانەی کە ماستەرپلانیان نییە و هەمواركردنەوەی پێویست بۆ ماستەرپلانی ئەو شارانەی کە پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە. 
 
هەروەها ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و پەرەپێدانی هەماهەنگییەكی بۆ تیمی جایكای ژاپۆنی دەربڕی كە بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كار لە جێبەجێكردنی پرۆژەی هەموارکردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر دەكەن و بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە شاری هەولێر پێدەنێتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندن و بووژانەوەوە.