Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی بەشی دووەمی پرۆژەی کۆڕنیشی زاخۆ دەکات

رۆژی سێشەممە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و جێن یۆنێدا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، بەشی دووەمی پرۆژەی دروستکردنی کۆڕنیشی زاخۆ و ئاوەڕۆی جیاکردنەوەی ئاوی قورس لە ئاوی خابووری بەسەرکردەوە.

ئامانج لەو پرۆژەیە، پەرەپێدانی شوێنە شوێنەواری و گەشتیارییەکانی شارەکەیە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی گەشتیاران سەردانی زاخۆ بکەن، هەروەها ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە بۆ ئەوەیە تا ئاوەڕۆی ماڵان تێکەڵ بە ئاوی ڕووبارەکە نەبێت، ئەمەش لەپێناو پاراستنی ژینگەی شوێنەکە و ڕێگریکردن لە پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکەیە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەدواداچوونەکانیدا لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان، جەختی لەسەر گرنگی پرۆژەکە وەک ئایکۆنێکی شوێنەواری و گەشتیاری لە زاخۆ کردەوە، هاوکات پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەکە دەربڕی.