Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە کونسوڵی کۆماری چینی میللی دەکات

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە لیو جیون، كونسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی و شاندی یاوەری كرد. 
 
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی هەماهەنگی و ڕەخساندنی دەرفەتی كار لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانی و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كران.
 
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای پیرۆزبایی دەستەبەكاربوونی لە كونسوڵ، باسی لە كارنامەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی كار لەو بوارانەدا و جەختیشی لەسەر هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەك بۆ پەرەپێدانی هەماهەنگییەكان كردەوە. 
 
لە بەرامبەردا كونسوڵی گشتیی كۆماری چین، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربووە و پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگی و كاركردنی پێكەوەیی بە پێویست زانی.
 
لە بەشێكی تری قسەكانیدا ساسان عەونی، ئاماژەی بەوە دا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كاركردنی پێكەوەیی بە پێویست دەزانێت لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانی و پرۆژەی خزمەتگوزاری لە كوردستان بەپێویست دەزانێت بەمەبەستی بووژانەوەی كوردستان و ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكی دەربڕی و جەختیشی لە بەردەوامی و باشتركردنی پەیوەندییەكان كردەوە.