یەکەمین کۆبوونەوەی چارەسەری گرفتی زەوی و وزاری کشتوکاڵی و شارەوانی بهڕێوهچوو
رۆژی چوارشەممە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گهشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و نەهێشتنی زێدەڕۆیی و سەرپێچی لەسەر موڵکی حکومی، لیژنەی یەکلاییکردنەوە و چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی زەوی و وزاری کشتوکاڵی و شارەوانی، کە بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كه بە سەرۆکایەتیی وەزیری شارەوانی و گهشتوگوزار پێکهێنراوە، یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و ڕاسپاردنی لیژنەی ناوبراو بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو و چارەسەرکردنی گرفت و کێشەی زەوی و وزاری موڵکی گشتی و پۆلێنکردنی زەوییەکانی شارەوانی و کشتوکاڵی و نیشانکردنی حەرەمی گوند لە سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسهر ڕێگریکردن لە زێدەڕۆیی و سەرپێچییەکان بۆسەر موڵکی گشتی و هەموو ئەو کەس و لایەنەنانەش کرایەوە کە دەیانەوێت زێدهڕۆیی بکەنە سەر زهوی و موڵکی حکومی.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بڕیار درا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ لیژنەی باڵا لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو لیژنەی دیکە پێکبهێنرێن و بەوردی بەدواداچوون و دیراسەی پرسەکە بکهن و لە کۆبوونەوەی داهاتوو ڕاپۆرتی خۆیان لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.