بە گوژمەی ٦٣١ ملیۆن دینار پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە گەڕەكی گوڵان دەستیپێكرد
لە چوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سنووری شار و شارۆچكەكان، پرۆژەیەكی گەورەی خزمەتگوزاری كە چەند بڕگەیەك لەخۆدەگرێت، لە گەڕەكی گوڵان لە قەزای دەشتی هەولێر(بنەسڵاوە) دەستیپێكرد.
گوژمەی پڕۆژەكە ٦٣١ ملیۆن و ٢٩ هەزار دینارە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر و بە سەرپەرشتیی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە جێبەجێ دەكرێت، كە ماوەی ٣٠٠ ڕۆژ بۆ تەواوكردنی دیاریكراوە.
بڕگەكانی پڕۆژەكە بریتین لە دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆی لوولەیی، لەگەڵ دانانی قاڵبی كیربستۆن بە درێژایی٧٦٠٠م و فەرشكردنی تێكەڵە و فەرشكردنی بەردی شكاو و دروستكردنی ئاوەڕۆی لوولەیی و چەند تایبەتمەندییەكی دیكەش.
ئەو پڕۆژەیە كاریگەرییەكەی زۆر باشی لەسەر پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی بنەسڵاوە دەبێت، هاوكات هەر ئێستا ژمارەیەك پرۆژەی دیكەش لە بنەسڵاوە لەلایەن شارەوانییەوە لە بواری جێبەجێكرندان.