شارەوانیی ڕزگاری لە گەرمیان ڕێژەی سەوزایی زیاتر دەكات
![](/media/18197/330328701_3342230029351506_6911890010630657239_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133206705800000000)
ساڵانە دامودەزگەكانی شارەوانی و ئەندازەی پارك و باخچەكان لە سنووری سەرجەم شارەوانییەكان، چەندین هەڵمەتی چاندنی گوڵ و نەمامی جۆراوجۆر بەڕێوە دەبەن، كە ئامانج لەو هەڵمەتانەی شارەوانییەكان، زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانكردنی سیمای شار و شارۆچكەكانە.
ڕۆژی یەكشەممە، ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣، بەشی باخچەکانی شارەوانیی ڕزگاری لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان، دەستیان بە پاککردنەوە و ڕێکخستن و پەرچکردنی بەشێک لە پارک و باخچەکانی سنووری شارەوانیی ڕزگاری كرد، وەك ئامادەکارییەك بۆ چاندنی ژمارەیەكی زۆر نەمامی جۆراوجۆر بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی و جوانكردنی سیمای شارەوانییەكە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بایەخێكی زۆر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزاییی شار و شارۆچكەكان بە چاندنی گوڵ و داری جۆراوجۆر لە ڕێگەی نەمامگە خۆماڵییەكانی شارەوانییەوە دەدات.