شەقام و دوكانەكانی دەوروبەری قەڵای هەولێر ڕێكدەخرێنەوە
بۆ چارەسەری جەنجاڵیی شەقامەكان و برەودان بە جوانیی سیمای شارستانی قەڵای هەولێر وەك یەكێك لە دێرینترین شارەكانی دونیا، حكومەتی هەرێمی كوردستان جارێكی تر شەقام و بازاڕەكانی دەوروبەری قەڵا ڕێكدەخاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٣، لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. سەرباز نەجیب، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕێكخستنەوەی شەقام و بەشێك لە دوكانەكانی دەوروبەری قەڵا كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، ڕاپۆرتی "كرداری پەرەپێدانی چەقی شار" خوێندرایەوە كە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر ئامادە كرا بوو، پاشان ڕاپۆرتی "پلانی ڕێكخستنەوەی هاتوچۆی دەوروبەری قەڵا" خوێندرایەوە كە لەلایەن لیژنەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەولێرەوە ئامادە كرابوو. دواتر گفتوگۆی چڕ لەسەر هەردوو ڕاپۆرت كرا و هەموو تێبینییەكان خرانە سەر ڕاپۆرتەكان.
لەم ڕێكخستنەوەیەدا، هەندێك لە شەقامەكانی دەوروبەری قەڵا، دەبنە شەقامی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیاندا ناڕوات، هەروەها دوكانەكانی موڵكی شارەوانی، جارێكی تر ڕێك دەخرێنەوە كە سیمایەكی شارستانی بدات و بایەخێكی زۆرتریش بە لایەنی ژینگەپارێزی و پاكوخاوێنی دەدرێت و ڕەچاوی باری تەندروستیی هەموو تەمەن و توێژە جیاوازەكان دەكرێت.
لە كۆبوونەوەكەدا كە ڕاوێژگاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، جێگری پارێزگاری هەولێر، قایمقامی قەزایى ناوەند، بەرێوەبەرى هاتووچۆى هەولیر و بەڕێوەبەری دامودەزگە پەیوەندیدارەكانی تری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، بڕیار درا لە ماوەی هەفتەیەكدا هەموو تێبینییەكان ئامادە بكرێت و هەموو لایەنەكانی پەیوەست بەم ڕێكخستنەوەیە واژووی لەسەر بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.