قەڵادزێ.. پرۆژەی ئاوی خاس لە یەك ڕۆژدا ٣١ هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن دابین دەكات
پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ یەكێكە لە پرۆژە گەورەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی زێی بچووك وەردەگرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ڕاپەڕینەوە سەرپەرشتیی دەكرێت.
ئەو پرۆژەیە لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی ٢٨٠٠ مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و ئێستاش ڕۆژانە (٣١٠٠٠) مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی ٩٠,٠٠٠ هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.
ئەو شوێنانەی لە شاری قەڵادزێ لێی سوودمەند دەبن، بریتین لە گەڕەكەكانی هەنارۆك، گوندی حەسار، شەهیدانی ئاشتی، فەرمانبەران، گربداخ، مامقاسمە، ناو بازاڕی شاری قەڵادزێ، هەوارەبەرزە، ڕاپەڕین، ئاسۆس، سەرنێڵ، شەهیدان، خانەقا، بنقەڵات، كارەبا، جوتكانیان، لیواو، هەنارۆكی سەروو، دەروازەی شاری قەڵادزێ، چۆمخڕكە.
پرۆژەكە ساڵی ٢٠١٣ تەواو كراوە و بەپێی زانیارییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەرۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دوای ٢٥ساڵ لە ئیشكردنی، بە مەبەستی دابینكردنی١٤٠٠ مەتر سێجا ئاو لە یەك كاتژمێردا دەتوانرێت فراوانتر بكرێت و بەوەش كۆی ئاوی بەرهەمهاتوو لە پرۆژەكەدا دەبێتە ٤٢٠٠ مەتر سێجا لە یەك كاتژمێردا.