کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە کەمکردنەوەى ڕۆتین و تاپۆکردنى خانووە زێدەڕۆکان و گۆڕینى کارت بۆ سەنەد بەڕێوەچوو
ئێوارەى رۆژی دووشەممە ١٣ی شوباتی ٢٠٢٣، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و فەرسەت ئەحمەد، وەزیرى داد و ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە کەمکردنەوەى ڕۆتین لە دامودەزگاکان و ڕاییکردنى کاروبارەى هاووڵاتییان و یەکلایکردنەوە و ڕاییکردنی مامەڵەکانى تاپۆکردنى خانووە زێدەڕۆکان و کۆتاییهێنان بە ڕێکارە یاسایی و هونەرییەکانى پڕۆسەى گۆڕینى کارت بۆ سەنەد.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان کرایەوە لە کەمکردنەوەى ڕۆتین و ڕاییکردنى کاروبارەى هاووڵاتییان لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان لەپێناو خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتییان و چاکتر بەڕێوەچوونى کاروبارى دامودەزگاکان.
لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان لە سنووری شارەوانییەکان، تەواوى لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران هەرچی لە توانادا هەیە ئەنجامی بدەن بۆ یەکلایکردنەوە و ڕاییکردنی مامەڵەکانى تاپۆکردنى خانووەکان، پاشان تیشک خرایە سەر کێشە و گرفتەکانى ناوچەی بەفرزۆن بە تایبەتى گەڕەکەکانی (تەعجیل، عەرەب، خانەقا)، لەو بارەیەشەوە گفتوگۆ لەبارەى ئیستیملاككردنی خانووەکانی ئەو گەڕەکانە و كێشه هونەرى و کارگێرى و یاساییەکانی کرا.
لە کۆتایشدا سەبارەت بە بڕیارى گۆڕینى کارت بۆ سەنەد، کە ژمارەیان لە سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانیى هەولێر ١٤٣هەزار کارت و لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى شارەوانییەکان نزیکەى ٣٥ هەزار کارتە و لە ساڵى ٢٠١٣ تاوەکو ئێستا لە سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى ١٤٢ هەزاریان کراونەتە تاپۆ و لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى شارەوانییەکانیش لە مانگى ١١ی ساڵى ٢٠٢١ تاوەکو ئێستا نزیکەى ١٠ هەزار کارت کراوەتە تاپۆ.
هەریەک لە سەرۆکایەتیى شارەوانیى هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى کشتوکاڵى هەولێر و یەکەى کارت و سەند ڕاسپێردران بە هەماهەنگى بەڕێوەبەرایەتی گشتیى تۆمارکردنى خانووبەرەى هەولێر لە داهاتوویەکی نزیکدا بە تەواوی کۆتایی بهێنرێت بە رێکارە یاسایی و هونەرییەکانى سەرجەم ئەو کارتانەى کە ماون بۆ سەنەد.