بەهاری ئەمساڵ قۆناغی یەكەمی گۆڕینی بۆڕیی ئیفراز سێ تەواو دەبێت
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێك بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێ لە شاری هەولێر دەشكا و بەو هۆیەوەش بەشێك لە گەڕەكەكانی شاری هەولێر تا چاككردنەوەی بۆڕییەكە بێئاو دەبوون، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە خەرجكردنی گوژمەی پێویست بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەو گرفتە، ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەچارەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دا و مانگی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، دەستی پێ كرا و بڕیارە پێش بەهاری ئەمساڵ، قۆناغی یەكەمی ئەو پڕۆژەیە كە زۆرترین جار لەو ناوچەكە دەشكا، تەواو بێت.
قۆناغی گۆڕینی ئەو بۆڕییە تەواو دەبێت كە زۆرترین جار دەشكا
لە كاتی دەستپێكی پڕۆژەكەدا، ساسان عەونی بەڵێنی بە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دا، تیمەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو توانایەكیان دەخەنە گەڕ بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆژەكە تەواو ببێت و ئەوەشی خستە ڕوو كە "ئەم نۆژەنكردنەوەیە بە تەواوی گرفتی شكان كۆتایی پێ دەهێنێت كە ماوەی چەندین ساڵە تووشی دەبوو."
ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی شوباتی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەگەڵ تیمێكی بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەتەكەی كە پەیوەندیدارن بە بابەتەكەوە، سەردانی ناوچەی گەزنەی كرد؛ بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لەگەڵ ئەندازیار و سەرپەرشتیارانی پڕۆژەكە گفتوگۆ بكات، ستافی كار ڕایانگەیاندووە "لە ماوەی مانگێكی دیكەدا تەواوی ئەم قۆناغەی پڕۆژەكە تەواو دەبێت."
نزیكەی ٢١ مليار دینار تێچووی پڕۆژەكەیە
پاش ئەو هەموو چارەسەرییە كاتییانەی بەردەوام دەكرا و دیسان بۆڕییەكە لە شوێنێكی دیكەوە دەشكایەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆڕیی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ، پڕۆژەچارەسەری پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران كرد و لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی ٢٠ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار و ٦٠٠ دینار بۆ پڕۆژەكە درا كە بە چەند قۆناغێك جێبەجێ بكرێت.
لە قۆناغی یەكەمدا كە زۆرترین دووبارەبوونەوەی شكانی تێدا بوو، گوژمەی ٤ ملیار و ٣٥٤ ملیۆن و ٧٥٠ هەزار دیناری بۆ خەرج كرا و ڕاستەوخۆ پاش بڕیارەكە، لە ڕۆژی ١١ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دەستی پێ كرا. ئەم قۆناغە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا، بە درێژایی ٢٧٥٠ مەتر تا دەگاتە ١٠٨ی عەنكاوە دەگرێتەوە؛ كە بەشی یەكەمی تەواوی پڕۆژەكەیە بە درێژایی ١١ كیلۆمەترە.
بۆڕییەكانی ئاوی ئیفراز بۆ جۆری باشتر دەگۆڕدرێن
ئاوی شیرینی ماڵان لە شاری هەولێر، پشتی بە سێ پرۆژەی ئاوی ئیفراز بەستووە. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا، بە پلانێك هەوڵی دا هەر سێ ئیفرازەكە نۆژەن بكاتەوە و بە تایبەتیش كاری ڕیشەیی بۆ دروستكردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی سێ بكات كە بەتەنیا ئاوی ٤٠٪ی دانیشتوانی هەولێر دابین دەكات، ئەویش بەردەوام لە چەند شوێنێكەوە هەموو ساڵێك دەشكا و لە ماوەی ئەو چەند كاتژمێر یان جاری وا بوو تا ئەو چەند ڕۆژەی چاك دەكرایەوە، گرفتی گەیاندنی ئاوی خاوێنی بۆ ماڵان دروست دەكرد. بۆ ئەوەی ئەمە چیدی دووبارە نەبێتەوە، پێویستی بەوە بوو لە جیاتی چاككردنەوە، سەرلەنوێ بۆڕییەكان بە جۆری باشتر بگۆڕدرێن. یەكێك لە باشترین جۆرەكانی بۆڕی بەكارهێنراو كە لە شارە پێشكەوتووەكانی جیهانیش بەكاردێت، بریتییە لە بۆڕی ١.٥ مەتریی كاربۆن ستیل كە لە ڕووی تەندرووستییەوە باشترینە و بەرگەی دۆخە جیاجیاكانیش زیاتر دەگرێت.
پلان بۆ دروستكردنی ئاوی ئیفراز ٤لە ئارادایە
جگە لە كێشەكانی شكانی بۆڕییەكانی ئاوی ئیفراز، پشتبەستن بە ئاوی بیریش یەكێكە لەو كێشانەی كە زیان بە سامانی ئاو و مافی گشتی دەگەیەنێت، بەتایبەتی لەڕووی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوییەوە. بۆ ئەو مەبەستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جیا لە چارەسەركردنی گرفتەكانی ئەو سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازە، پلانی داناوە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز ٤ دروست بكات، ئەمەش وا دەكات ڕێژەی پشتبەستن بە بیر بەتەواوی كەم ببێتەوە و كێشەی بێئاوییش كەمتر ببێتەوە؛ بەتایبەتی بۆ ئەو گەڕەكانەی دەكەونە دەرەوەی سنووری شەقامی بازنەیی ١٢٠ مەتری كە لە ئایندەدا زیاتر پشت بەو سەرچاوەیە دەبەستن.