Skip to the content

ساڵی رابردوو ٧ هەزار و ٦٠٧ کەس سەردانی مۆزەخانەی هەولێریان کردووە

مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و كەلەپووری هەولێر، یەكێكە لە مۆزەخانە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە نزیكەی ١٠٠٠ پارچەی شوێنەواری لە تەواوی سەردەمە جیا جیاكان لەنێو هەر سێ هۆڵەكەی مۆزەخانەكەدا نمایش كراون.

سەردانی مۆزەخانە
مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر بەشێوەیەکی بەردەوام پێشوازی لە میوانانی ناوخۆ و بیانی و قوتابیانی تەواوی قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانكۆ و پەیمانگەكان دەكات و لەلایەن كارمەندانی مۆزەخانەكەوە زانیاریی پێویست سەبارەت بە پارچە شوێنەوارییەكانی نێو مۆزەخانە پێشكەش بە میوانان دەكرێت.
لە ئێستاشدا ژمارەی سەردانیكەرانی مۆزەخانەكە لە بەرزبوونەوەدایە و تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٧٦٠٧ كەس سەردانی مۆزەخانەكەیان كردووە و لەو ژمارەیەش ٤٢٢ كەسیان لە ناوخۆی کوردستان و ٣٢٦ كەسیشیان لە میوانانی بیانی و ٦ هەزار و ٨٥٩شیان قوتابی بوون.

مێژووی مۆزەخانەکە

مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر لە ناوەڕاستی شەستەكان سەدەی رابردوو دامەزراوە، ئەو كات مۆزەخانەكە زۆر سادە بوو و لە گەڕەكی منارەی شاری هەولێر لە نزیك باڵەخانەی ئێستای پەرلەمانی كوردستان بوو. دواتر لە ناوەڕاستی حەفتاكان گواستراوەتەوە بۆ خانووی ساڵح چەلەپی لەنێو قەڵای هەولێر و پاشان لە ساڵی ١٩٨٥ دەست بە دروستكردنی مۆزەخانەیەكی نوێ لە تەنیشت گردی قالینج ئاغا كراوە و لە ساڵی ١٩٨٩ بینای مۆزەخانەكە تەواو كراوە و بە فەرمی بە ڕووی سەردانیكاراندا كراوەتەوە. تاكوو ئێستا مۆزەخانەی شارستانیی هەولێر لە هەمان شوێنە، ئەو پارچە شوێنەوارییانەیشی لەنێو مۆزەخانەكەدا هەن، تایبەتن بە هەرێمی كوردستان و عێراق.

كۆنترین پارچە شوێنەوارییەكانی مۆزەخانەك
كۆنترین پارچە شوێنەوارییەكانی ناو مۆزەخانەكە، بریتین لەو پارچانەی لە ئەشكەوتی شاندەر دۆزراونەتەوە كە خۆیان دەبیننەوە لە ئامرازی بڕین لە شێوەی چەقۆ، ئامرازی هاڕین و كۆمەڵێك پارچەی دیكە كە مێژووەكەیان بۆ سەردەمی چاخی بەردینی كۆن دەگەڕێتەوە و لە هۆڵی یەكەمی مۆزەخانە نمایش كراون، هەروەها سەردەمەكانی دیكە بەپێی زنجیرەی مێژوویی دانراون.