Skip to the content

سیمینارێک لە بارەی ڕوونکردنەوەی كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-لە چوارچێوەی پلانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گرنگیپێدان بە ڕێساكانی بیناسازی و ئاشناكردنی ئەندازیاریان و دامودەزگا پەیوەندارەكان سیمینارێكی تایبەت بە كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
رۆژی پێنجشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٣، بەئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و د.محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ڕاوێژكار و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕێوەبەرانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرۆكی شارەوانی و ئەندازیاران و ژمارەیەكی تری دامودەزگای پەیوەندیدار، سیمیناری خستنەڕووی كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
پرۆژەی کارکردن بۆ كۆدەكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان پێشتر كاری لەسەر كراوە و ساڵی ٢٠٢٠ وەک ڕاسپاردەیەک لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی وەزارەتە پەیوەنددارەکان کرا بە مەبەستی کارکردن بۆ دانانی کۆد و ڕێساكانی بیناسازی لە هەرێمی كوردستان بە ڕەچاوكردنی بواری ئەندازیاری و زانستی و بوارەكانی تری پەیوەست بە ژینگە و کەشی بیناسازی و ڕێکخستن و بایەخدان بە ستاندەر لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و هاووڵاتییان.
ئامانج لەو سیمینارە، ئاشناكردنی زیاتری ئەندازیاران و دامودەزگاكانی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بوو بەو كۆدانە کە لەمانگی ١٢ی ساڵی ٢٠٢٢ ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی پێ وەرگیراوە و گشتاندن کراوە بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بۆ کارکردن و سەپاندنی لە كاتی دیزاین و دواتریش پێدانی مۆڵەت پێوەی پابەند بن. کۆدەکان بریتیی بوون لە کۆدی سەلامەتیی بەکاربردن لە بیناکاندا، کۆدی سەلامەتی لە ئاگر، کۆدی سەلامەتی دامەزراوەی میكانیكی و كارەبایی، کۆدی سەلامەتی سترەكچەر، کۆدی شیانی گەیشتن و ڕێكردن، کۆدی كارامەیی وزە.