هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردن و بەكارهێنانەوەی زبڵ و خاشاك سوود لە ئەزموونی یابان وەردەگرێت
بە مەبەستی بایەخدانی زیاتر بە سێكتەری ژینگەیارێزی و چارەسەركردنی خاشاك و بەڕێوەبردنی پاشماوەكان و دووبارە بەكارهێنانەوەیان، ئێستا تیمێكی ئەندازیارانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بۆ بەشداریكردن لە پڕۆگرامێكی ئاژانسی جایكا لە وڵاتی ژاپۆن، ڕاهێنان لەسەر بەڕێوەبردنی پاشماوەكان دەكەن.
پرۆگرامەكە لەلایەن ڕێکخراوی جایکای ژاپۆنی لە شاری هیرۆشیما ڕێكخراوە، لە ماوەی ٢٢ ڕۆژدا چەندین پرۆفیسۆر و مامۆستای زانکۆكانی ئەو وڵاتە، وانەی تایبەت بە خاشاك و بەڕێوەبردنی پاشماوەکان پێشكەش دەكەن. هەروەها تیمەكە ڕاهێنانیش لەسەر بنچینەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوەکانی شارەوانی دەكەن.
هەر لە چوارچێوەی پرۆگرامەكەی جایكادا، تیمەكەی وەزارەت سەردانی كارگە و شوێنەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی خاشاك و ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتیی داپۆشینی پاشماوە لە چیاكان و لەژێر ئاو و لە كارگە و دووبارە بەكارهێناوە و سووتاندنی بۆ بەرهەمێنانی وزە دەكەن.