Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی عەنكاوە دەكات

رۆژی پێنجشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی عەنكاوەی كرد، لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەر یەكە لە ڕامی نووری عودیش، قائیمقامی عەنكاوە و سامان بویا یلدا، سەرۆكی شارەوانیی عەنكاوە ئامادەی بوون، چەند تەوەرێكی پەیوەست بە عەنكاوە تاوتوێ كران.
لە كۆبوونەوەكەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر بابەتی پێكەوەژیانی پێكهاتەكان لە عەنكاوە و جەختی كردەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە لەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان و عەنكاوە دەڕوانێت و پێویستە بپارێزرێت و پەرەی زیاتریشی پێ بدرێت.
سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانیش، ساسان عەونی، جەختی كردەوە دەبێت بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتییانی سنووری شارەوانیی عەنکاوە بکرێت و كار بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتییان بکرێت .
سەبارەت بە پێویستییەكانی سەرۆكایەتییەكە لەڕووی ئامێر و پێداویستییەكانی دیكەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەكرد لەپێناو باشتر بەڕێوەبردنی كارەكان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان، هەرچی لە توانادا بێت پاڵپشت و هاوكارتان دەبین.
دواتر ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی بەشەكانی سەرۆكایەتییەكەی كرد و لەگەڵ سەرۆك بەش و فەرمانبەران گفتوگۆی پەیوەست بە بەشەكانیان و بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاروبارەكانیان كرد و جەختی لە خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان كردەوە.