Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێی شارەوانی پەرەپێدانی عەنكاوە تاوتوێ دەكات

رۆژی پێنجشەممە ٢ی شوباتی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی عەنكاوەی كرد و لەگەڵ ئەنجومەنی نوێی شارەوانیی عەنكاوە بۆ تاوتوێكردنی پەرەپێدانی پرۆژەكانی سنووری شارەوانییەكە كۆبووەوە.
ئامانج لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆكردن بوو بە مەبەستی بووژانەوە و ڕێكخستنەوەی زیاتری عەنكاوە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە و گەیاندنی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ هەمان مەبەست، بە تایبەتی لەپێناو باشتر بەڕێوەچوونی كاروباری هاووڵاتییان و بڕیاردانی پێویست لەسەر پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیشكی خستە سەر گرنگیی ئەنجومەنی شارەوانییەكە و باسی لەوەش كرد كە پێویستە ئەنجومەنەكە بە بەرنامەی نوێ هەماهەنگ و هاوكاری دامودەزگەكانی حكومەت و لە خزمەتی هاووڵاتییاندا بێت.
ساسان عەونی، باسی لەوەشكرد بەهۆی ئەوەی ساڵانە لە هەموو وەرزەكاندا گەشتیارێكی زۆر سەردانی عەنكاوە دەكەن، دەبێت بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگەكان كار بۆ ڕێكخستنەوەی عەنكاوە بكەن و بۆ ئەو مەبەستەش وەك وەزارەت ئەوەی پێویست بێت ئامادەی هاوكاری و پاڵپشتین لەپێناو ڕێكخستنەوە و بووژانەوە و پەرەپێدانی عەنكاوە.