Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی جایكای ژاپۆنی پرۆژەی ماستەرپلانی هەولێر تاوتوێ دەكەن

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرد كە پێكهاتبوون لە کوبۆ ئایاکۆ، یاریدەدەری بەڕێوەبەر لە ئۆفیسی جایکا لە وڵاتی ژاپۆن، میتسوهیرۆ ئۆساکی، نوێنەری ئۆفیسی جایکا لە عێراق، ئۆنو کۆزۆ و جەلال عەبدوڵڵا لە ئۆفیسی جایکا لە عێراق- هەولێر. لە كۆبوونەوەیەكدا كە د. چواس عەبدولهادی، بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی ئامادەی بوو، گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەكانی پرۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر كرا.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەكە بۆ شاری هەولێر كرد و دووپاتی كردەوە کە هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێر بەلای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە جێی بایەخە و هەولێر لە هەموو ڕوویەكەوە دەباتە قۆناغێكی پێشكەوتووترەوە.

ساسان عەونی، ئاماژەی بەوەشدا کە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتی و هاوكارییەكن بۆ جێبەجێكردنی تەواوی هەنگاوەكانی پرۆژەكە.