وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كونسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-رۆژی پێنجشەممە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە كلاوس شتڕایشەر، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئەڵمانیای فیدڕاڵی لە هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا وێڕای جەختكردنەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوانیان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی ئەڵمانیا گفتوگۆیان لەبارەی چەند تەوەرێكی گرنگ كرد، لەوانە پرۆژەی خزمەتگوزاری و پلانی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە، هەروەها كاركردنی كۆمپانیا ئەڵمانیانییەكان لە بواری وەبەرهێنان لە كوردستان.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لە بەشێكی قسەكانیدا باسی لە پلانی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و پاراستنی سامانی ئاو و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان كرد، ئاماژەی بەوە كرد كە حكوومەت پلانێكی زۆر باشی هەیە و هەوڵمانداوە بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەوی كەم بكەینەوە و لە چوارچێوەی پلانی حكومەتیش چەندین پرۆژە جێبەجێ كراون و بەردەوامیش دەبین.
كونسوڵی ئەڵمانیا باسی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرد و جەختی لە پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ پشتگیری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و خەڵكی كوردستان لە ڕووی خزمەتگوزاری و بوارەكانی تردا كردەوە.
لە بەرانبەردا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی لە هاوكاری و هەماهەنگییەكان كردەوە لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندی و فراوانكردنی كاركردنی پێكەوەیی لە هەرێمی كوردستان.