بە گوژمەی ٦ ملیار دینار چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە عەنكاوە جێبەجێدەکرێن
هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی ٦ ملیار دینار، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە قەزای عەنكاوە دانرا.
ڕۆژی دووشەممە، ١٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری دانرا.
پرۆژەکان بریتیی بوون لە قیرتاوکردنی شەقام و دروستکردنی شۆستە و گەیاندنی ئاو و دروستکردنی ئاوەڕۆ لە کەرتی ١٢٨ی عەنکاوە کە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەکرێن.
هاوكات پڕۆژەیەكی دیكەش بە مەبەستی فراوانکردنی تۆڕی کارەبای ئەو کەرتە لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی کارەبا جێبەجێ دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە تەواوی شاروشارۆچکەکان بەبێ جیاوازی.