بەدواداچوون بۆ داواكاری و پرۆژەكانی ئیدارەی سۆران دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣،ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كۆبووەوە و جەختی لە پاڵپشتی حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ئیدارەی سۆران كردەوە.
لە دیدارەكەدا كە ڕاوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، ئاو و ئاوەڕۆ، گشتیی پلان و بەدواداچوون و ژمارەیەك بەڕێوەبەری دیكەی ناو وەزارەت ئامادەبوون، بەدواداچوون بۆ گرفت و داواكاری و ئاستی خزمەتگوزاری و پرۆژەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرا.
شاندی ئیدارەی سۆران، تیشكیان خستە سەر پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكە و پلانی زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی پرۆژەكانیان بە مەمەبەستی خزمەتكردنی زیاتری ئیدارەكە تاوتوێ كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ساسان عەونی، وێڕای دەستخۆشی لە ئیدارەی سەربەخۆ و دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆران كرد كە بە باشی توانیویانە خزمەتی خەڵكی دەڤەرەكە بكەن و پرۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست جێبەجێ بكەن، هاوكات بە ناوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتی ئیدارەكە دەكات بۆ باشتركردنی پرۆژەكان و بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكە، ئامادەیی خۆی و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكاری و كارئاسانییەك دەربڕی بە مەبەستی خزمەتكردنی زیاتری دانیشتووانی سۆران و دەوروبەری.