كونسوڵی نوێی توركیا دەخوازێت لەگەڵ دامودەزگاكانی هەرێم پەیوەندییەكانی پەرەپێبدات
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- كونسوڵی نوێی توركیا، پاش دەستبەكاربوونی لە هەرێمی كوردستاندا، لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا خوازیاری پەرەپێدان بە پەیوەندییەكانە، كە سەرەكیترینیان پەیوەندییە بازرگانییەكانە.
ڕۆژی سێشەممە ١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە مەمەد مەولود یاکوت، كونسوڵی نوێی توركیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
كونسوڵی توركیا ئاماژەی بەوە كرد كە "ماوەی چەند مانگێكە لە هەولێر دەستبەكار بووە، بۆیە وێڕای بەردەوامیی پەیوەندییەكان، كونسوڵگەرییەكەیان دەخوازن پەرەی زیاتر بە هەماهەنگی و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەن، بە تایبەتی كە ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای توركیا لە هەرێمی كوردستان كاری وەبەرهێنان دەكەن و پرۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر جێبەجێ دەكەن."
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، تیشكی خستە سەر سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پاڵپشتیكردنی كۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی توركیا و وڵاتانی دیكە بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شار و شارۆچكەكان، هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد "ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە، بووەتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتێكی باش بۆ كاری وەبەرهێنان و كێبڕكێی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ كاری وەبەرهێنان، حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئامادەی هەر جۆرە ئاسانكاری و هەماهەنگی و هاوكارییەكن لەپێناو جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری و كاری وەبەرهێنان بە مەبەستی بووژانەوەی ژێرخان و سێكتەرەكانی خزمەتگوزارییەكانی كوردستان."