زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكانی شاری هەولێر تەرخان کرا
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری دا گوژمەی زیاتر لە ملیارێك و 305 ملیۆن دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر تەرخان بکرێت.
ئەو گوژمەیە بە پێی چەند فەرمانێكی وەزاری و لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر بە مەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر خەرج دەكرێت.
پرۆژەكانیش بریتین لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی قیر بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكان و پرۆسەی خاوێنكردنەوە و قیرتاوكردنی شەقام و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵان، هەروەها دروستكردنی شەقامی نوێ لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر.
شایەنی باسە لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا تەنیا لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو، زیاتر لە 733 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگەی هەولێر لە لایەن شارەوانییەكانەوە جێبەجێ كراون، جگە لەوە چەندان پرۆژەی تری گەورەی خزمەتگوزارییش لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.