لە چوار ڕۆژی جەژندا ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجەیان كردووە
ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگەی هەڵەبجە زیادی كردووە و تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی تری عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگەی هەڵەبجەیان كردووە.
چیا قاسم، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ڕایگەیاند: بە خۆشحاڵییەوە ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە زیادی كردووە، تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژندا زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی پارێزگەی هەڵەبجەیان كردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجە گوتیشی: لەو ژمارەیە ٢٥ هەزار گەشتیاریان هی ناوخۆی هەرێمی كوردستانن، هەروەها ٧٥ هەزار گەشتیاریش لە پارێزگەكانی تری عێراقەوە هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجە، گوتیشی پێشبینی دەكەین ژمارەكە هێشتا بەرزتر بێتەوە.