بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت
لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی داواكارییەكانی هاووڵاتییانی شاری كفری، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی ٤٠٠ ملیۆن دینار و بە زووترین كات دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاو بۆ شاری كفری دەكرێت.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ڕاسپارد بەشێوەیەكی مەیدانی لە ماوەیەكی زوودا دەست بە كارەكانی لێدانی ئەو بیرانە بكرێت.
رۆژی دووشەممە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنەوە كە لە چەند رۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بۆ هاووڵاتییانی شاری كفری جێبەجێ بكرێت، ساسان عەونی لەگەڵ هەر یەكە لە ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و هەڤاڵ خدر بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و دیوانی وەزارەتی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شاری كفری، بەزووترین كات دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بۆ دانیشتووانی شاری كفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
ساسان عەونی، وێڕای ڕاسپاردنیان، گوتیشی دەبێت بەشێوەیەكی مەیدانی چاودێریی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بكەن و لە ماوەیەكی كەمیشدا تەواو بكرێن و بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتییانی شاری كفری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
ئەمەش هاوكاتە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە بەرزكردنەوەی پلەی شارەوانیی كفری لە پلە دوو بۆ پلە یەك، لەگەڵ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژی تری خزمەتگوزاری لە شاری كفری.