كارگەی ڕیسایكڵین و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سۆران تاوتوێ دەكرێت
رۆژی یەكشەممە ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازی لە هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كرد.
لە دیدارێکدا كە هەڤاڵ خدر، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان و بەڕێوەبەرانی تایبەت بە خۆڵ و خاشاك و گرێبەستەكان لە ناو وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی سۆران ئامادەی بوون، چەند تەوەرێكی سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە یەكێك لە تەوەرە سەرەكییەكاندا پرسی چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی كۆكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك و لە تەوەرێكی تردا بابەتی كارگەی ڕیسایكڵین لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە دواداچوونی بۆ بابەتی چارەسەركردنی زبڵ و خاشاكی سنووری ئیدارەی سۆران كرد و هاوكات جەختی لەسەر چارەسەركردنی گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خاشاك و كارگەی ڕیسایكڵین كرد.