كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە زەویی سندووقی و گۆڕینی كارت بۆ سەنەد و ڕێگەپێدانی خانوو و نۆژەنكردنەوە بەڕێوەچوو
له‌پێناو زیاتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر و دەوروبەری، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان سەبارەت زەویی سندووقی و ڕێگەپێدان و نۆژەنكردنەوەی خانوو لە گوندەكان و گۆڕینی زەویی كارت بۆ سەنەد لە شاری هەولێر به‌ڕێوه‌چوو.
ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٧ی ته‌ممووزی ٢٠٢٣، له دیوانی پارێزگای هه‌ولێر، به سەرپەرشتیی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گەشتوگوزار و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان بەڕێوەچوو و کە تیایدا چەند تەوەرێک باسیان لێوە کرا لەوانەش:
یه‌كه‌م: چاره‌سه‌ر گرفتی زه‌وییە سندووقییه‌كان له سنووری شاری هه‌ولێر.
دووه‌م: چاره‌سه‌ركردنی گرفتەكانی سنووری نێو حه‌ره‌می گونده‌كان و دیاریكردنی ڕێگری و ئاسته‌نگه یاسایی و ئیدارییه‌كانی به‌رده‌میان.
سێیه‌م: پرسی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی خانوو و كێشه و گرفته‌كانی به‌رده‌م ئه‌و بابه‌ته گشتییانه.
چواره‌م: جێبه‌جێكردنی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌باره‌ی گۆڕینی زەویی كارت بۆ سه‌نه‌د.
ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، ئامانج له‌و كۆبوونه‌وه‌یه خزمه‌تكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و به‌دواداچوونه بۆ ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه بۆ خزمه‌تی چینی هه‌ژاران و هاووڵاتییان به گشتی ده‌ركراون.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسی له‌وه‌شكرد، نه‌بوونی رێنمایی پێویست بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، ده‌بێته هۆی دروستبوونی ڕۆتینی زۆر و ئه‌ركی هه‌موومانه رۆتین كه‌متر بكه‌نه‌وه و هه‌ماهه‌نگی پته‌و له‌نێوان فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت دروست بكه‌ن.
ساسان عەونی، ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و شارەوانییەكان مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكان و دۆزینەوەی میكانیزمی پێویست بۆ نەهێشتنی گرفتەكان وڕێگریكردن لە ڕۆتین خوێندنەوە كە هاووڵاتییانی سنوورەكە لێی سوودمەند بن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌جێندای كۆبوونه‌وه‌كه كرده‌وه كه پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه سوودمه‌ندبوونی هاووڵاتییانی هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ته‌كانه و ئه‌وه‌ش له‌ژێر ڕینماییه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان كه به بایه‌خه‌وه جەخت له‌سه‌ر ئه‌م پرسه دەكاتەوە بۆ زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن به هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر داخوازی و كێشه‌كانیان و دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنیان، به جۆرێك له به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی هه‌ژاراندا بشكێته‌وه.
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیری ناوخۆش ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته گرفت و ئاریشه‌كانی به‌رده‌م هاووڵاتییانی كه‌مده‌رامه‌ت كه‌م بكرێته‌وه و گلهییهكانییان رێگه‌چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزرێته‌وه.
گوتیشی:'' ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌باره‌یه‌وه كۆبووینه‌وه به یاسا له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانییه‌وه ده‌رچوون و پێویسته وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن و چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و گرفت و ئاڵنگارییه‌ی به‌رده‌م ئه‌و رێنماییانه بكرێت.'' راشیگه‌یاند:'' ده‌بێت لایه‌نه جێبه‌جێكاره‌كانی ده‌وڵه‌ت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان بن، بۆیه ده‌بێت ئالییه‌تێك بۆ لابردنی له‌مپه‌ره‌كان بدۆزرێته‌وه.''
باسی له‌وه‌شكرد، هه‌موو ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ی كه بۆ ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌پێناویاندا كۆبووینه‌وه، ده‌بێت وه‌ك خۆیان جێبه‌جێ بكرێن و دووپاتكرده‌وه، كه‌وا فه‌لسه‌فه‌ی ئیداره‌دانی حكومه‌ت، به پله‌ی یه‌كه‌م خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانه به‌گشتی .
دواتر له رێگه‌ی گفتوگۆیه‌كی كراوه، به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه، تیشكیان خسته سه‌ر هه‌موو ئه‌و گرفت و ئارێشه یاسایی و ئیدارییانه‌ی كه دێنه به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان، بیروراش له‌سه‌ر شێوازی مامه‌له‌كردن له‌گه‌ل رێنمایی و یاساكان و ئالیه‌تی جێبه‌جێكردنیان كرا‌و ئه‌لته‌رناتیڤیش بۆ ئه‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوانه پێشنیاز كرا تاوه‌كو زۆرترین هاوڵاتی تێدا سوودمهندبن، كۆبوونه‌وه‌كه‌ش به كۆمه‌ڵێك ده‌ره‌نجام و خاڵی جه‌وهه‌ری و رێنمایی نوێ و كۆنووسێكی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ری پرسگهلیهكان كۆتایی پێهات.