Skip to the content

لیژنەی باڵای ئامادەكردنی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان كۆدەبێتەوە

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی تەممووزی ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای تایبەت بە پرۆژەی ئامادەكردن و بەگەڕخستنەوەی ماستەرپلانەكانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە پرۆژەی ئامادەكردنی ماستەرپلانەكانی شار و شارۆچكەكان جێگەی بایەخی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، دەبێت لە ماوەیەكی نزیكدا لە ڕێگەی ڕاپۆرتەوە ئەنجامی هەبێت.

لە كۆبوونەوەكەدا، بەدواداچوون بۆ كارەكانی لیژنەی ئامادەكردنی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكان كرا كە لیژنەكە لە كۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانی وەزاری بۆ دەركراوە، ئەمڕۆ تاوتوێی چارەسەركردنی گرفتەكان و ئامادەكردنی ماستەرپلانەكان و نەخشەڕێگەی دووبارە بەگەڕخستنەوەی گرێبەستەكانی ماستەرپلان كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستابوون، لەگەڵ تاوتوێكردنی گرێبەستی نوێی ماستەرپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان كرا.

ساسان عەونی، جەختیشی لەسەر چارەسەركردنی گرفتی ماستەرپلان و سوودوەرگرتن لە كۆمپانیا خۆماڵییەكان بە هەماهەنگی لەگەڵ بیانییەكان كردەوە و ئاماژەی بەوەش كرد دەبێت لە كاتی ئامادەكردنی ماستەرپلانی هەر شار و شارۆچكەیەكدا تایبەتمەندی شوێنەكە و لایەنی مێژوویی لەبەرچاو بگیرێت.

پرۆژەی ئامادەكردنی ماستەرپلانی هەڵەبجە، سۆران، ڕانیە، عەربەت، سەیدسادق، دەربەندیخان، خەبات، كەڵەك، چوارقوڕنە، حاجیاوا، كۆیە و ڕزگاری و دووكان و هیران و مێرگەسۆر و گۆڕەتوو و بەردەڕەش و كەلەكچی و ڕوڤیا و چەند شارۆچكەیەكی تری كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا كە ئێستا پرۆژەی ماستەرپلانی ژمارەیەك شارەوانی تەواوكراون و ئەوانەی تا ئێستاش ماستەرپلانیان نییە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لیژنەكەی ڕاسپارد بۆ ئەوەی كاری جدی لەبارەوە بكەن.