لە جەژندا ١٤٤ هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كرد
بە پێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، تەنیا لە چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی ١٤٤ هەزار گەشتیاری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی عێراق سەردانی شاری هەولێریان كرد.
دلێر محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، بە ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ڕاگەیاند: تەنیا لە ماوەی چوار ڕۆژی جەژنی قورباندا، نزیكەی ١٤٤ هەزار گەشتیار سەردانی شاری هەولێریان كرد كە پێكهاتووە لە گەشتیارانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و پارێزگەكانی عێراق و تەنانەت گەشتیاری وڵاتانی دیكەشی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر سەبارەت بە زیادبوونی ژمارەی گەشتیارن دەڵێت: ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ شاری هەولێر نزیكەی یەك لەسەر سێ زیادی كردووە، ئەمەش بۆ ئەو پلانە دەگەڕێتەوە كە لە بواری گەشتوگوزار گیراوەتە بەر. سەبارەت بە ژمارەی مۆڵەتەكانی گەشتیارییش، دلێر محەمەد گوتی: ١٣٥٠ مۆڵەت لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر هەیە.