وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نەخشەڕێگەی چاكسازیی گەشتوگوزار ڕادەگەیەنێت
رۆژی یەكشەممە ٣٩ی تەمموزی ٢٠٢٣، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دەستەی گەشتوگوزاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوبەشی بەرنامەی پەرەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان(UNDP) و پاڵپشتیی دارایی ئاژانسی ویلایەتە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) نەخشەڕێگەی چاكسازیی كەرتی گەشتیاری ڕاگەیەندرا.
لە ڕێوڕەسمەكەدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، باسی لە بایەخدان و پلانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت بۆ كەرتی گەشتوگوزار كرد و گرنگی نەخشەڕێگەی چاكسازیی گەشتیاری بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەم ناوبرد.
دواتر كورتە ڤیدیۆیەك سەبارەت بە كەركی گەشتیاری پێشكەش كرا و هەروەها بەڕێوەبەری USAID لە عێراق و نوێنەریUNDP وتاریان پێشكەش كرد و پاشان سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار ناوەڕۆكی نەخشەڕێگەی چاكسازی گەشتوگوزاری بۆ ئامادەبووان خستەڕوو.
ساسان عەونی، جەختی كردەوە كە نەخشەڕێگەی چاكسازیی گەشتوگوزار، دەستەی گەشتوگوزار بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوكاری و پاڵپشتی هەردوو ڕێكخراوی UNDP و USAID كاری لەسەر كراوە و دواتر دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد كە لەلایەن كابینەی نۆیەمی حكومەت و خودی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كەرتی گەشتوگوزار وەك بڕگەیەكی سەرەكی لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمدا بایەخی تایبەتی پێدراوە و بە كردەییش كاری لەسەر كراوە، لە چوارچێوەی ئەو بایەخدانەشەوە لە ساڵی ٢٠٢٢ كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت كرا بە كەرتی گەشتوگوزار و ئەو پلانەی ئامادەمان كردبوو هەمووی پەسەندكران و بڕیاریان لەسەر درا كە ئێستا بەشێكی زۆری پلانەكان جێبەجێكراون و بەشێكیشی خەریكە تەواو دەبن و هەروەها یاسای گەشتوگوزاریش دەرچووێندرا، لەگەڵ پەسەندكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی ڕاوێژكاری وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، هەموو ئەوانە كاریگەریان لەسەر كەرتی گەشتوگوزار دەبێت.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دووپاتی كردەوە كە دیدگای سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەو كەرتە دیدگایەكی تایبەتە و حكوومەت دەیەوێت لەپاڵ كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێناندا، كەرتی گەشتوگوزار بكاتە پێگە و پایەیەكی سەرەكی و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لەسەر بووژانەوەی سێكتەرەكانی تر و باری ئابووریی كوردستاندا دەبێت، هەروەها حكوومەت پاڵپشتی كەرتی تایبەتیش دەكات بۆ ئەوەی لە پەرەپێدانی گەشتوگوزاردا ڕۆڵی خۆیان ببینن و هاوكارمان بن لە گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و ژێرخانی كوردستاندا بە تایبەتی لە كەرتی گەشتوگوزار، لەو چوارچێوەیەدا حكوومەت داوا لە كەرتی تایبەت دەكات كە بەشدارییەكی كاراتریان هەبێت بۆ گەشەپێدانی كەرتی گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش هەموو ئاسانكارییەكی یاسایی و ڕێنمایی و ڕێكارە كارگێڕییەكان دەكرێت.
سەبارەت بەو نەخشەڕگەیەی چاكسازیی كەرتی گەشتوگوزار جەختی كردەوە کە دەستەی گەشتوگوزار و بە هاوكاری ڕێكخراوی UNDP و USAID دڵسۆزانە كاریان كرد بۆ ئامادەكردنی ئەم نەخشەڕێگەیە. ساسان عەونی باسی لە خاڵەكانی نەخشەڕێگەكە كرد و گوتی: ئەم نەخشەڕێگەیە چەند بوارێك لەخۆدەگرێت، لەوانە، چاكسازیی یاسا و ڕێنماییەكان و پەیكەری كار و پەیكەری ڕێكخراوەیی و پلانی ستراتژیی گەشتوگوزار و شوێنە كولتووری و ڕۆشنبیرییەكان و مۆڵەتی گەشتیاری و هەڵسەنگاندنی كوالێتی و پەرەپێدانی ژێرخان و پەروەردە و خوێندن و ڕاهێنان و چەندین بواری دیكەی گەشتوگوزار، گوتیشی: حكوومەت سوود لە هەموو ڕەگەزە گەشتیاری و شوێنەوار و پێگە مێژووییەكان و جوانی سرووشتی كوردستان لە چوار وەرزەی ساڵ و كراوەیی خەڵك و خۆشحاڵبوونیان بە هاتنی گەشتیاران وەردەگرێت كە هەموو ئەوانە بەیەكەوە وەبەرهێنانی تێدا دەكرێت بۆ ئەوەی باشترین قازانج بە كەرتەكە بگەیەنن. دواتر سوپاسی ڕێكخراوەكان و دەستەی گەشتوگوزاری كرد كە لە ئامادەكردنی ئەو نەخشەڕێگەیەدا هاوكار و كاریان كردووە.
ڕێوڕەسمەكە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی هەریەک لە عەبدولحەكیم خەسرۆ سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، خاتوو ئەلیس جێنسن بەڕێوەبەری USAID لە عێراق و هەرێمی كوردستان، ئاوكی لوتسما نوێنەری UNDP لە عێراق، د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كونسوڵی گشتیی وڵاتانی، ئیمارات و ئوردن و هیندستان و جێگری كونسوڵی ئێران، ژمارەیەكی تر لە بریكاری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی گەشتوگوزار و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو.