Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و یونیكۆی ژاپۆنی پرۆژەی ئاوەڕۆی هەولێریان تاووتوێ کرد

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ى تەممووزی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێشوازیی لە ئەیاتۆ هیرانۆ، سەرۆکی نوێی کۆمپانیای یونیکۆی ژاپۆنی و شاندێكی یاوەریی كرد.

لە یەكێك لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكەدا پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆی هەولێر تاووتوێ كرا كە یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی چارەسەری گرفتی ئاوەڕۆی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت. هاوكات گفتوگۆ و بەدواداچوونیش سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كرا و جەختیش لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و فراوانكردنی پەیوەندیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای یونیكۆی ژاپۆنی كرایەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و ئیسماعیل ئیبراهیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و هەروەها كۆجی میزۆنۆ، سەرۆكی پێشووی كۆمپانیای یونیكۆ و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بەشی ڕاوێژكاری یونیكۆ و یاریدەدەری بەڕێوەبەری تیمی ڕاوێژكاریی پرۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆ لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوون.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی قسەكانیدا تیشكی خستە سەر بووژانەوەی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم سێكتەرەكان و بۆ زیاتر خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستانیش كاركردنی كۆمپانیا بیانییەكانی لە كوردستان بە پێویست زانی، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەییی هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەكی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری لەگەڵ كۆمپانیای یونیكۆی ژاپۆنی دەربڕی و ئاماژەی بەوەش كرد وەك وەزارەت هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەك پێشكەش بە تیمە ژاپۆنییەكان دەكات بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی و جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستان.