وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندێكی جایكا پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و ئاوی قورس تاوتوێ دەكەن
رۆژی یەكشەممە ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پێشوازی لە شاندێكی وڵاتی ژاپۆنی كرد كە پێكهاتوون لە جێن یۆنێدا بەڕێوەبەری جایكا لە عێراق، هیرۆشی کوبۆتا شارەزای بواری ئاو، شیمازۆ ئاننا نوێنەری جایکا لە ئۆفیسی سەرەکی لە ژاپۆن، ئامۆژگار حەوێزی و ماساشی نیشیکاوا لە ئاژانسی جایكای ژاپۆن.
لەو دیدارەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاوی قورس لە هەرێمی كوردستان و پلانی چارەسەركردنی گرفتەكان كرا. لە بەشێكی دیدارەكەدا شارەزا ژاپۆنییەكە جەختی كردەوە لەمیانەی بەدواداچوونێكیدا بۆسەر پرۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ، خۆشبەختانە پرۆژەكان بە كوالێتییەكی باش جێبەجێكراون.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ هەر جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك دووپاتكردەوە.